→ دەنگەکان

کردنەوە

The painting that opens Sedaha (Sounds), Book One, by Amir Arasteh.

ئێرە هیچ ڕوونادات. بڕیار نییە شتێک چاک بکرێتەوە، یان وێران بکرێت. لێکدانەوە و دەرئەنجام لە ڕێدا نییە. ئەمە سەرەداوی ئەو وشانەیە کە زەمانێک دەنگ بوون. ئەو دەنگانەی ڕۆژێک لێرە و لەوێی جیهان، لە گۆشەیەکی بۆشاییدا، یان ڕەنگە تەنها لە خەیاڵی مرۆڤێکدا زرنگانەوە، و ئێستا کە ئەم دێڕانە بەبەر چاوتدا تێدەپەڕن، دەمێکە وزەی ئەو دەنگانە ڕەویوەتەوە و تەنها شوێنەوارە خەیاڵییەکەیان لەسەر لاپەڕەی کاغەزەکە ماوەتەوە. هەموویان کپ بوون. هەموو دەنگەکان، و ڕەنگە هەموو ئەو جیهانە و خەڵکەکەشی. ڕەنگە ئەو مێشکەی کە شوێنەواری دەنگەکانی لەسەر لاپەڕەی کاغەز دەکێشا، دەمێک بێت ئیتر هەناسە نادات. هەروەک ئەم ساتەی کە ئەم ڕستەیەت خوێندەوە و تێپەڕی، هەموو ساتەکانی ئەم کتێبە تێپەڕیون. ئەو سات و وێنانەی کە ئەگەر لێرە تۆمار نەکرابان، لە هاژەی پڕ لە پەشۆکاوی ڕووداوەکانی جیهاندا ون دەبوون. تۆمار کران تا ببنە پردێک لە نێوان جیهانی من و جیهانی تۆدا. پردێک لە جیهانی من، لەو ساتەی ئەم ڕستانە دەنووسم، بۆ جیهانی تۆ، لەو ساتەی دادەنیشیت بیانخوێنیتەوە. من لەم سەرەوە داوی وشەکان دەکەمەوە و تۆ لەو سەرەوە کۆیان دەکەیتەوە. وەک منداڵییمان، کاتێک مامان خوریی جلە کۆنەکانی دەکردەوە و ئێمە داوەکەمان هەڵدەگرت و بە دەوری ماڵدا دەسووڕاینەوە تا خورییەکان لەسەر یەک کەڵەکە نەبن. ڕەنگە نەوەی تۆ چەند ساڵێک دوای ئەو جیهانە خورییە هاتبێت، بەڵام وای دابنێ، ڕۆژێک لە ڕۆژان، لە گۆشەیەکی جیهاندا، یاری منداڵان ئاوا بووە. ئێستا من داوی وشەکان دەکەمەوە و تۆ هەڵیانگرە و بیانبە ناو جیهانی خۆت، تا لێرە، لە جیهانی مندا، لەسەر یەک کەڵەکە نەبن.

کتێبەکە لێرەوە دەست پێدەکات.

ئەم وەشانەی ئەلیکترۆنی بە خۆڕایی بۆ خوێندنەوە و دابەشکردن بەردەستە، بە مەرجێک بە تەواوی و بێگۆڕان بهێڵرێتەوە. دەکرێت بڕگە کورتەکان بهێنرێنەوە، بەو مەرجەی سەرچاوەی هەر بڕگەیەک بە ڕوونی دیاری بکرێت: ناونیشانی پەرتووکەکە، ناوی نووسەر و ماڵپەڕی arasteh.art.

دەنگەکان ←